ئێران: "26 کەس بەتۆمەتی پەیوەندیداربوون بە هێرشەکەی شیراز بەندکران"

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەتۆمەتی پەیوەندیداربوون بەو پەلامارە چه‌كدارییه‌كه‌ی كە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا کرایە سەر مەرقەدێک لە شارى شیراز باشووری ئێران، 26 کەس بەندکران.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران پشت بەستن بە لێدوانێکی وەزارەتی هەواڵگریی ئەو وڵاتە، بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە پەلامارە چه‌كدارییه‌كه‌ی سەر مەرقەدی شا چراغ لە شاری شیراز، 26 کەس بەندکراون کە سەرجەمیان هاووڵاتی بیانیین.

راشیگەیاندووە "بەندکراوەکان، بە رەگەز هاووڵاتی تاجیکستان، ئەفغانستان و ئازەربایجانن، بە فڕۆکە لە باکوی پایتەختی ئازەربایجانەوە هاتوونەتە ئێران، دواتر پەیوەندییان کردووە بە ئەندامانی رێکخراوی چه‌كداری داعش لە ئەفغانستان و هاووڵاتییەکی بە رەگەز ئازەربایجانی بووەتە رێکخەری پەلامارەکە".

پێشتریش بانگەشەی ئەوە دەکرا کە هاووڵاتییەکی بە رەگەز تاجیکستانی بەناوی "سوبحان قومرونی" ئەنجامدەری پەلامارەکە بووە.

رۆژی 26ـی تشرینی یەکەم، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر مەرقەدی شا چراغ لە شاری شیراز و بەگوێرەی کەناڵی فەرمی ئێران، ١٥ کەس لە پەلامارەکەدا کوژران کە دوو منداڵیشیان لە نێودابوو، هەروەها 21 کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای پەلامارەکەش راستەوخۆ پەلاماردەرەکە بە برینداری دەستگیر کرا، بەڵام لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارەکە راگەیاند.