لە ئێران لە ساڵێکدا نزیکەی 21 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

- لە کاتێکدا لە سەرانسەری ئێراندا، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە پیسبوونی هەوا بە بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمی کردووە، بەڵام لە تارانی پایتەختی وڵاتەکە دوو هێندە زیادی کردووە.

سەرۆکی فەرمانگەی تەندروستیی هەوا و گۆڕانی ئاووهەوا لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران، عەباس شاهسونی ئاماژەی بەوە کرد کە پیسبوونی هەوا لە وڵاتدا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ هەزار و ٨٠٠ کەس لە ساڵێکدا.

ماڵپەڕی هەواڵیی "Etemadonline" بڵاوی کردەوە، عەباس شاهسونی زانیاری خستووەتەڕوو سەبارەت بەو کێشانەی پیسبوونی هەوا دروستی کردوون.

عەباس شاهسونی باسی لەوە کرد کە لەو لێکۆڵینەوانەی لە ساڵی رابردوودا لە ٢٧ شاردا ئەنجام دراون، دەرکەوتووە ٢٠ هەزار و ٨٠٠ کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە و تەنیا لە تاران، شەش هەزار و ٤٠٠ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ساڵی پێشووتر، بەهەمان هۆکار ژمارەی ئەوکەسانەی لە سەرانسەری ئێراندا گیانیان لەدەستدابوو ٤١ هەزار و ٧٠٠ کەس بوون و لە تارانیش سێ هەزار و ٧٥١ کەس بووە.

باس لەوە دەکرێت کە پیسبوونی هەوای تاران دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجاوی سووڕی هەوای شارەکە، چڕی دانیشتوان و گازی دەرچووی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان و بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل بەشێوەیەکی بەرفراوان.