دیجیتال میدیای سپێده
جێگری سه‌ركۆماری ئێران، محه‌مه‌د حسێنی سه‌باره‌ت به مشتومڕه‌كانی په‌یوه‌ست به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له وڵاته‌كه‌ی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ناكرێت گۆڕینی رژێم له‌رێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه ببێته جێگه‌ی باس.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی فارس، محه‌مه‌د حسێنی له میانی گوتارێكدا كه له زانكۆی ته‌ربیه‌ت موده‌ریس له تاران له‌میانی كۆنفرانسی "كۆماری ئیسلامی، ئازادی و مافی خۆپیشاندان" پێشكه‌شی كرد، باسی له دوایین پێشهاته‌كانی وڵاته‌كه كرد.
له سه‌ره‌تای گوتاره‌كه‌ی حسێنیدا، ژماره‌یه‌ك خوێندكار درووشمی "ئازادی"یان گوته‌وه و هۆڵه‌كه‌یان جێهێشت.
جێگری سه‌ركۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌رگه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كه ماوه‌ی زیاتر له ٥٠ رۆژه له ئێران به‌رده‌وامه، گرتووه و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی "كۆماری ئیسلامی" له‌رێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه په‌سه‌ند كراوه.
محه‌مه‌د حسێنی رایگه‌یاند: "له ده‌ستووردا ریفراندۆم باسكراوه. به‌ڵام ریفراندۆم بۆ ژماره‌یه‌ك بابه‌تی لاوه‌كی گونجاوه نه‌ك بۆ شێوازی حوكمڕانی".
دوای ئه‌وه‌ش كه ژماره‌یه‌ك خوێندكار درووشمی "دوژمنمان لێره‌یه، ده‌ڵێن ئه‌مریكایه و درۆ ده‌كه‌ن"، حسێنی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد ئه‌مریكا پشتیوانیی له خۆپیشانده‌ران ده‌كات و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه واشنتۆن له پشت گرووپه نه‌یاره‌كانی رژێمی ئێرانه.
- مشتومڕه‌كانی په‌یوه‌ست به ریفراندۆم له ئێران
كه‌سیه‌تی ئایینی سوننی و پێشنوێژ و گوتارخوێنی هه‌ینی شاری زاهیدان، مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌مید ئیسماعیل زه‌هی له گوتاری هه‌فته‌ی پێشوویدا ره‌خنه‌ی له حكوومه‌تی تاران گرتبوو، و بانگه‌وازی كردبوو له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وڵات‌دا "ده‌ستبه‌جێ ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت".
گوتاره‌كه‌ی مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌مید ئیسماعیل زه‌هی كه بووه هپی سه‌رهه‌ڵدانی مشومڕهكانی په‌یوه‌ست به ریفراندۆم، ببوه مایه‌ی ره‌خنه‌ی توند له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانی فارس و ته‌سنیم كه به نزیكییان له سوپای پاسداران ناسراون.
به‌پێی مادده‌ی ٥٩ی ده‌ستووری ئێران، ده‌كرێت له‌باره‌ی بابه‌ته گرنگه سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و كولتوورییه‌كان ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت.