له‌باره‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ی گوایە 28 دەفتەر دۆلاری دزیوە روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كرێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لەبارەی کەیسی ئەو ئافرەتەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردەوە و گۆتی" ئافرەتێک بە تۆمەتی دزینی (٢٨٠ هەزار دۆلار) دەستگیر کرا" پارێزەری ئەو ئافرەتە کارزان هەناری دەڵێت وانیە و ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: بەهەموو لایەک رادەگەیەنین کە ئەو ئافرەتە بەهیچ شێوەیەک هیچ بڕە پارەیەکی نەدزیوە

پارێزەر کارزان هەنارەیی پارێزەری ئافرەتەكه‌،" بەهەموو لایەک رادەگەیەنین کە ئەو ئافرەتە بەهیچ شێوەیەک هیچ بڕە پارەیەکی نەدزیوە بەڵکو ئەو ئافرەتە رێککەوتنی لەگەل کەسێک ئەنجامداوە بە مەبەستی پێشخستنی کارگەکەی و سەرەتا لە 27/1/2021 رێککەوتنیان ئەنجام داوە و دادخواز بڕی 110 هەزار دۆلاری ئەمەریکی پێداوە بەرامبەر بە پێدانی مانگانەی 6600$ واتا 66 وەرەقە بە فاید و ڕیبا وە ئەو 110 هەزار دۆلارەی لە کاتی کۆتایهاتنی رێککەوتنەکە لە 19/4/2022 وەر گرتۆتەوە واتە پارەکە بۆتە ڕیبا."

وتیشی،" دوای ئەوە دادخواز هاتوە رێککەوتنێکی نوێ لەگەل ئەو ئافرەتە ئەنجام بدات بە بڕی 100هەزار دۆلاری ئەمریکی و پێدانی 70.000هەزار دۆلار واتە 70 وەرەقە بەڵام دوای ئەنجامدانی رێککەوتنەکە دادخواز بڕی 3 دەفتەر دۆلاری بۆ ئەو ئافرەتە هێناوە و دواتر بۆ 7 دەفتەرەکەی تر داوای کردوە بەزۆر و زۆرداری لە ژێر هەڕەشە و بێزارکردنی کارمەندانی کارگەکە ببێتە هاوبەش لە کارگەکە و ئەو ئافرەتەش ڕازی نەبوە لە ژێر فشار و تەهدید کارلەگەل ئەو پیاوە دا بکات ."

ده‌شلێت،" سەیارەی بە قازانجی زۆر و ڕیبا داوەتە ئەو ئافرەتە و هێشتا قستی سەیارەکە 75 وەرەقە ماوە و چۆتە سەر کارگەکە و دەستی بەسەر سەیارەکە داگرتوە و کەلو پەلی ناو سەیارەکەی شێواندووە و سەیارەکەشی بەزۆری لێ فراندوە کە ئەمەش تاوانێکی گەورەیە. "

کارزان هەنارەیی ئه‌وه‌یشی خسته‌ روو،" دواتر ئەو پیاوە واتا دادخواز هەستاوە زیاتر لە دوو شوێن سکاڵای لەسەر هەمان بابەت بە دوو ماددەی یاسایی جیا تۆمار کردوە کە ماددە یاسایەکانیش بریتین لە ماددەی ( 453 خیانەت ئەمانە و 459 ی پێدانی چەکی بانکی بێ رەسید) وە لە هەردوو سکاڵا دا بەڵگەی تەواومان هەیە و پێشکەشی دادگامان کردوە وە ئەو بابەتە بابەتێکی مەدەنیە."

باسی له‌وه‌ش كرد،" جگە لەوەش پەیجی پۆلیسی هەولێر هەڵەیەکی یاسایی زەقی ئەنجامداوە کاتێک خۆی ماددە یاسایەکانی 453 و 459 ی نوسیوە لە بڵاو کراوە کەی و لە سەردێڕی هەواڵەکەش باسی دزی دەکات کە لە ڕاستی دا خوددی ئەو دوو ماددە یاسایە کە دۆسیەکەی لەسەر کراوەتەوە پەیوەندی بە دزیەوە نیە بۆیە داوا لە پۆلیس هەولێر دەکەین بەدواداچونی تەواو بکەن لەسەر ئەو بابەتە و ئەو هەڵەیە و خەدرەی کە لەو ئافرەتە کراوە ڕاستی بکەنەوە."

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌،" ئێمە سکاڵا تۆمار دەکەین و پێویستە تاوانباری سەرەکی دیاری بکرێت و بەسزای یاسایی خۆی بگات."