وه‌زیرى هه‌واڵگرى ئێران له‌باره‌ى پاڵپشتى خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ له‌سعودیه‌ ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئاژانسى فارس نیوزى ئێران بڵاویكرده‌وه‌ وه‌زیری هه‌واڵگری ئێران په‌یامێكى بۆ سعودیه‌ ناردووه‌ و تێدا هه‌ڕه‌شه‌ى له‌و وڵاته‌ كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، خه‌ریكه‌ ئێران ئارامی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ ده‌ستده‌دات كه‌ پاڵپشتى له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى ناوخۆى ئێران ده‌كه‌ن.

ئیسماعیل خه‌تیب وه‌زیرى هه‌واڵگرى ئێران ده‌ڵێت: ئێستا ئێران ستراتیژی دانبه‌خۆداگرتنى په‌ێره‌و كردووه‌ به‌ڵام ناتوانێت گره‌نتی بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر دوژمنكارییه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامبن ئه‌و ئارامگرتنه‌ش هه‌ر بمێنێت، وتیشی: ئه‌گه‌ر ئێران بڕیار بدات تۆڵه‌ بكاته‌وه‌ و سزاى دوژمنه‌كانى بدات، كۆشكه‌ شووشه‌ییه‌كانى دوژمنانى ئێران ورد و خاش ده‌بن و ئه‌م وڵاتانه‌ش چیتر سه‌قامگیری تێدا نامێنێت.

ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ كۆمارى ئیسلامى ئێران ئه‌مریكا و سعودیه‌ و ئیسرائیل و ئه‌وروپا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ پاڵپشتیكردنى خۆپیشاندانه‌كان كه‌ له‌ دوای گیان له‌ ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینییه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌ستی پۆلیسی ئێراندا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌. خۆپیشاندانه‌كانیش رۆژانه‌ به‌رده‌وامن و دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.