حەوت هاووڵاتیی فەڕەنسا لە ئێران بەندکراون

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا رایگەیاند کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتەکەی کە لە ئێران بەندکراون بۆ حەوت کەس بەرزبووەتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی Le Parisien، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا رایگەیاند کە دوای بەندکردنی دوو هاووڵاتی فەڕەنسی دیکە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی فەڕەنسا کە لە ئێران بەندکراون بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە.

کۆلۆنا رایگەیاند: "نیگەران بووین لە دوو هاووڵاتیی دیکەمان و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە، پێدەچێت ئەوانیش بەند کرابن".

وەزیرەکەی فەڕەنسا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشە کە گرنگە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بەبیر ئێران بهێندرێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئامانجی ئێران لەمە دا چاوسورکردنەوەیە، پێویستە بزانێت کە سوودی پێناگەیەنێت.

کاترین کۆلۆنا داوای کرد کە ئێران دەستبەجێ ئەو حەوت هاووڵاتییەی فەڕەنسا ئازاد بکات و راشیگەیاند کە هاوتا ئێرانییەکەی بەڵێنی پابەندبوونی بە مافی دەستڕاگەیشتن بە پاراستنی کونسوڵگەری داوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکات رێز لەم بابەتە بگیرێت.