دیجیتال میدیای سپێده
ئەوە راگەیەندرا کە پێکدادانی دوو فڕۆکەی جۆری بۆینگ بی-١٧ و بێڵ پی-٦٣ لە ئاسمانی ویلایەتی تێکساس لە ئەمریکا لە کاتی نمایشێکی ئاسمانیدا، گیان لەدەستدانی شەش سەرنشینی هەردوو فڕۆکەکەی لێکەوتووەتەوە.
دادوەری ناوچەی داڵاس، کلای یەنکیس ئەم بەیانییە لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئەوەی راگەیاندبوو کە دوێنێ لە میانی نمایشێکی ئاسمانیدا لە فڕۆکەخانەی ئیکسکیوتیڤ لە شاری داڵاس دوو فڕۆکە بەریەک کەوتن و شەش سەرنشینی هەردوو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
یەنکیس لەمبارەیەوە رایگەیاند "کاربەدەستەکان، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە و دەستنیشانکردنی ناسنامەکانیان ئەمڕۆ بەردەوامی بە کارەکان دەدەن. تکایە بۆ خانەوادە و تەواوی کەسانی پەیوەندیداریان نزا بکەن".
لەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی (FAA)وە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی نمایشێکی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ئیکسکیوتیڤ کە دەکەوێتە دووریی نزیکەی ١٦ کیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری داڵاس، دوو فڕۆکە لە ئاسمان بەریەک کەوتوون.
لەو دیمەنانەی کە لەلایەن جەماوەری ئامادەبووەوە تۆمارکراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دوای ئەوەی دوو فڕۆکەکە بەریەککەوتوون، کەوتوونەتەخوارەوە و ئاگریان گرتووە.
زیاتر لە ٤٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری فڕۆکەکانیان دا.
هاوکات فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوە (NTBS)، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکەن و دواتر وردەکاری بلاودەکەنەوە.