خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بازنەی خۆپیشاندانەکانیان فراوانتر کردوو، خوێندکارانی پەیمانگا و کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانیش لە هەڵەبجە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد تا دەرماڵەکانیان پێنەدرێت بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن. ماوەی سێ ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، وەک پشتیوانیەک بۆ ناڕەزایەتیەکانیان، خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە و کۆلێژی زانستەپراکتییەکانی هەڵەبجەش خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بازنەی خۆپیشاندانەکانیان فراوانترکرد. ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی زانکۆی هەڵەبجە لە چەند لێدوانێکی جیادا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەکرد ئەوان بەردەوام دەبن لە خۆیشاندانەکانیان تا ئەو کاتەی دەرماڵەیان پێدەدرێت و گرفتەکانیان چارەسەر دەکرێن، داواشیان کرد حکومەت پەلەبکات لە جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانەی پێیان دراون و تا ئێستا جێبەجێ نەکراون. زانیاری فەرەیدون نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند "تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی پێدانی دەرماڵەکانمان نەکاتە سیستەمێکی یاسایی و جێگری نەکات، ڕۆژانە کۆدەبینەوە و ڕێگە بە دەوامی ئاسایی لە زانکۆکەماندا نادەین." خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە هاوشان بوون لەگەڵ خۆپیشاندانی خوێندکاران لە قەزای سەیدسادق و پارێزگای سلێمانی، بۆ پاراستنی زانکۆی هەڵەبجەش جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو هێزەکانی چالاکیە مەدەنییەکان خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، خوێندکاران ئاماژەشیان بەوەکرد بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەرماڵەکانیان پێ دەدرێت.