ئەمریکا بە پاساوی گواستنەوەی تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەلەمێکی ماسیگری راگرت

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بە پاساوی گواستنەوەی تەقەمەنی بە بڕێکی زۆر لە ئێرانەوە بۆ یەمەن، ئەمریکا لە کەنداوی عومان بەلەمێکی ماسیگری راگرت.

هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە هەشتی تشرینی دووەم کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا بەلەمێکی ماسیگری راگرت کە رەوانەکردنی هاوکاری چەکداریی بەشێوەیەکی نایاسایی پێ ئەنجام دەدرا و تەقەمەنی بە بڕێکی زۆر لە ئێرانەوە دەگواستەوە بۆ یەمەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە کەشتیی ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا "John Scheuerman" و کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکە ئاراستەکراوەکان "USS The Sullivans" لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ راگرتنی بەلەمەکە بەکار هێندراون.

هێزەکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە لە بەلەمەکەدا، جگە لە سووتەمەنیی مووشەک هەروەها زیاتر لە ٧٠ تۆن پێرکلۆراتی ئەمۆنیۆم کە بە بەربڵاوی بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکار دەهێندرێت دۆزراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە زیاتر لە ١٠٠ تۆن ماددەی دیکە کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکار دەهێندرێن دۆزراونەتەوە و چوار یەمەنییش کە لەناو بەلەمەکەدابوون، دەستگیرکراون.