دیجیتال میدیای سپێده
خاوه‌نی نوێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ئیلۆن مه‌سك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌و كاربه‌ده‌سته باڵایانه‌ی پێشووی كۆمپانیاكه كه دوای كڕینی تویته‌ر له‌لایه‌ن مهسكهوه وازیان له كاره‌كانیان هێنا، له‌رێگه‌ی تۆڕه‌كه‌وه چووه نێو مشتومڕی تایبه‌ت به ژه‌می بێبه‌رامبه‌ری به‌یانی و نیوه‌ڕۆی كارمه‌ندان.
هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز كه له رۆژی ١١ی تشرینی یه‌كه‌مدا له‌ژێر ناونیشانی "دوو هه‌فته‌ی پشێویی: رووی ناوه‌وه‌ی گرتنه‌ده‌ستی تویته‌ر له‌لایه‌ن ئێڵن مهسكهوه"، كه تێیدا باس له پلانه‌كانی خاوه‌نی كۆمپانیاكه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ژه‌می بێبه‌رامبه‌ری به‌یانی و نیوه‌ڕۆی كه ده‌درێته كارمه‌ندانی تویته‌ر بكات به پاره، بووه‌ته مایه‌ی مشت‌ومڕ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
ئێڵن مه‌سك یه‌كێكه له‌وانه‌ی وه‌ڵامی یه‌كێك له به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ری سه‌باره‌ت به پلانه‌كه داوه‌ته‌وه كه نووسیویه‌تی "له چوار به‌ش سێ به‌شی كارمه‌نده‌كانی له كار دوورخسته‌وه. له ئێستاشدا پلانی هه‌یه ئه‌وانی دیكه له برساندا بكوژێت. شكست به ته‌واوی مانا".
مه‌سك رایگه‌یاندووه: "ره‌نگه پێویست بێت فێری درووستكردنی خواردن ببن!" و له وه‌ڵامی به‌كارهێنه‌رێكی دیكه‌شدا كه پشتیوانی له پلانه‌كه‌ی كردووه نووسیویه‌تی: "ئه‌مه به نامۆیه كاتێك ئه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گیرێت كه به ئه‌سته‌م كه‌سێك دێته ئۆفیس. تێچووی مەزەندەکراو بۆ ژه‌مێكی نیوەڕۆ کە لە ١٢ مانگی رابردوودا پێشکەشکراوە ٤٠٠ دۆلارە".
جێگری پێشووی سه‌رۆكی گۆڕینی بازرگانیی تویته‌ر، تره‌یسی هۆوكینز كه دوای كڕینی تۆڕه‌كه له‌لایه‌ن ئێڵن مهسكهوه، ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو، وه‌ڵامی مه‌سكی داوه‌ته‌وه.
تره‌یسی هۆوكینز ئێڵن مه‌سكی به‌درۆ خستۆته‌وه و نووسیویه‌تی: "ئه‌مه درۆیه. تا هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر من ئه‌م پرۆگرامه‌م به‌ڕێوه‌ده‌برد به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست له‌كاربكێشمه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نامه‌وێ بۆ مه‌سك كاربكه‌م. بۆ ژه‌می به‌یانی و نیوه‌ڕۆ بۆ هه‌ركه‌سێك رۆژانه ٢٠-٢٥ دۆلارمان خه‌رج ده‌كرد. ئه‌مه ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی ده‌كرد كارمه‌نده‌كان له‌كاتی ژه‌می نیوه‌ڕۆ و كۆبوونه‌وه‌كانیاندا به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر كاره‌كانیان. هاتن بۆ ئۆفیس له ئاستی له‌سه‌دا ٢٠-٥٠دا بوو".
ئێڵن مه‌سك له وه‌ڵامی تره‌یسی هۆوكینزدا نووسی: "هه‌ڵه‌یه. تویته‌ر بۆ خزمه‌تگوزاری نان خواردن له باڵه‌خانه‌ی ناوه‌ندیی سان فرانسیسكۆ ساڵانه ١٣ ملیۆن دۆلار خه‌رج ده‌كات. تۆماره‌كان ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن رێژه‌ی پڕی ئۆفیس له به‌رزترین حاڵه‌تدا له‌سه‌دا ٢٥ و تێكڕای رێژه‌ی پڕی ئۆفیس له‌ژێر له‌سه‌دا ١٠هوهیه. ئه‌و كه‌سانه‌ی ژه‌می به‌یانی ئاماده ده‌كه‌ن زۆرترن له‌وانه‌ی ده‌یخۆن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س له بیناكه‌دا نییه، خۆیان ئه‌زێت ناده‌ن ژه‌می ئێواره ئاماده بكه‌ن".
تویته‌كانی تایبه‌ت به مشتومڕی ژه‌می بێبه‌رامبه‌ر له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری تویته‌ر و كارمه‌ندانی پێشوویدا، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌وه لایك و ریتویت بكرێت و به‌شێك له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌كه پشتی كارمه‌ندانی پێشووی تویته‌ر بگرن و ئه‌وانی دیكه‌یان بچنه به‌ره‌ی ئێڵن مه‌سك كه ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه كۆمپانیاكان له ئه‌مریكا ژه‌می نیوه‌ڕۆ ناده‌نه كارمه‌نده‌كانیان.