دیجیتال میدیای سپێده
وڵاتانی ئەورووپا لەنێویاندا بەریتانیا، هۆڵەندا، سویسرا، ئەڵمانیا، فینلاند و دانمارک رایانگەیاند کە لە نزیکەوە چاودێری ئەو هەواڵانە دەکەن کە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی دوو مووشەک لە گوندێکی پۆڵەندا نزیک سنوور لەگەڵ ئۆکراینا بڵاو دەکرێنەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەداواچوون بۆ ئەو راپۆرتانە دەکات کە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەک لە پۆڵەندا بڵاوکراونەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش لە پەیوەندییدایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک روتە رایگەیاند کە هەواڵ و زانیارییان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەک لە پۆڵەندا کە ئەندامی ناتۆیە، بەدەست گەیشتووە.
مارک روتە ئاماژەی بەوەیشداوە، تا ئێستا سەرچاوەی ئاراستەکردنی مووشەکەکان کە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە، نەناسراوە.
هەرلەبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک لە تویتێکدا نووسیوویەتی "لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەین و لەگەڵ هاوڕێ پۆڵەندییەکانمان و هاوپەیمانمان لە ناتۆ لە پەیوەندییداین".
هاوکات سەرۆکی سویسرا، ئیجناسیۆ کاسیس لە تویتێکدا، نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەهەمبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ئۆکراینا و پۆڵەندا و داوای دانبەخۆدا گرتنی کردووە، هەروەها سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کردووە.
هەروەها سەرۆکی فینلاند، سولی نینیستۆ لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی نیشان دا لەهەمبەر ئەو هەواڵانەی کە سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی ژمارەیەک مووشەک لە پۆڵەندا بڵاودەکرێنەوە و گوتی: "زۆر گرنگە زانیاری راست لەبارەی رووداوەکە بەدەست بهێنن و لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی دانمارک، یپێ کۆفوود رایگەیاند کە لە بارەی گیانلەدەستدانی دوو کەس لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی ژمارەیەک مووشەک لە پۆڵەندا، هەست بە نیگەرانی دەکەن، هەروەها پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ پۆڵەندا دووپات کردەوە.
یپێ کۆفوود هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتی دانمارک لە پەیوندییدایە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ.