گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە بەچڕی کاردەکەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە، رایگەیاند "راستە پێشهاتی باش لەئارادان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە، بەڵام پێویستە سەرەتا رێککەوتننامەکە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت".
دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەخت بە میدیاکارانی راگەیاند کە دانوستانەکان لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە بەردەوامن کە لە ١٩ی تشرینی یەکەم کاتەکە کۆتایی دێت.
گوتەبێژی کرملین بە ئاماژەدان بەوەی کە پسپۆڕان بەچڕی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، گوتی: "وەک دەزانن پەیوەندیدار بە رێککەوتننامەکە باس لە هەڵگرتنی سنووردارییەکانی سەر هەناردەکردنی بەرهەمە رووسییەکانیش دەکەین. راستە پێشهاتی باش لەئارادان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە، بەڵام پێویستە سەرەتا رێککەوتننامەکە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت".
دمیتری پێسکۆڤ لە بارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لە گوندی پرزێوۆدۆو لە پۆڵەندا کە لە سنووری ئۆکرایناوە نزیکە، گوتی: "دووچاری کاردانەوەیەکی هیستریاییی دیکە بەرامبەر رووسیا بووینەوە کە هیچ بنەمایەکی راستی نییە، تەنانەت ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتان، بەبێ ئەوەی زانیاری روونیان لەبەردەست بێت لەمبارەیەوە لێدوانیان دا".