کوێت سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هه‌رێمی كوردستان دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپیده‌

حکوومەتی کوێت سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرد کە ئێران پێرێ کردییە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی کوێت راگەیەندراوێکی سەبارەت له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاو کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا سەرکۆنەی هێرشەکە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە کوێت لەگەڵ عێراق لە هەماهەنگیدایە و سەرجەم ئەو هێرشانە رەتدەکەنەوە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیەندراوەکەدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کردووە کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.

- چوارەم هێرش لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا

رۆژی دووشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئێران هێرشی مووشەکی کردبوویە سەر هه‌رێمی كوردستان و سوپای پاسدارانی ئێران کردنە ئامانجی بارەگاکانی حدکا و کۆمەڵەی راگەیاندبوو.

لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایه‌ن وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کرابوویەوە، ئاماژە بەوە کرابوو کە هێرشەکە گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی هەشت کەسی لێکەوتووەتەوە.

ئەمە چوارەم هێرش بوو لە ماوەی دوو مانگدا بکرێتە سەر ناوەندی حزبه‌كانی نه‌یاری تاران لە هه‌رێمی كوردستان.

ئێران لە ٢٤ی ئەیلوولدا ناوەندەکانی کۆمەڵە و حدکای تۆپباران کردبوو.

سوپای پاسدارانی ئێران، لە کاتێکدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە وڵاتەکە بەردەوامە، کۆمەڵە و حدکا بەوە تاوانبار دەکات کە گرووپی چەکداری و بڕێکی زۆر چەکیان بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی بۆ ناوچە سنوورییەکان ناردووە. ئێران لە کۆتا رۆژەکانی مانگی ئەیلوولیش دوو جار هێرشی کردە سەر پێگەکانی ئەو دوو گرووپە چەکدارییە.