وەزارەتی تەندروستیی عێراق شەپۆلێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاشكرایكرد، ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عێراق له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌رزبونه‌وه‌ی تۆماركردوه‌، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌ڵێت:به‌راورد به‌شه‌پۆله‌كانی پێشوتری كۆرۆنا، ئێستا عێراق به‌شه‌پۆلێكی لاوازی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنادا تێپه‌ڕده‌بێت.

ڕیاز عه‌بدولئه‌میر حه‌له‌فی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی گشتیی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، ئه‌و پێوه‌ره‌ی بۆ زانینی ڕاده‌ی توندی ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتی پێده‌به‌سترێت ڕێژه‌ی پۆزه‌تیڤه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌كۆی پشكنینه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌كۆی ژماره‌ی پشكنینه‌كان.

باس له‌وه‌شده‌كات، له‌شه‌پۆله‌كانی پێشودا ڕیژه‌ی پۆزه‌تیڤی پشكنینه‌كان گه‌یشته‌ له‌سه‌دا 38، به‌ڵام ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی ئێستا جارێكى دیكه‌ بۆ 2 له‌سه‌د به‌رزبۆته‌وه‌.

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی وتی: هه‌موو نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌ته‌واوی ئاماده‌كارییان بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌ناكاو كردوه‌، جگه‌له‌وه‌ی هه‌موو پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌رمانیش دابینكراون.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، ڕێژه‌ی مردن به‌نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌هۆی دابینكردنی ده‌رمانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردوه‌، جگه‌له‌وه‌ش جۆری ڤایرۆسه‌كه‌ به‌راورد به‌جۆره‌كانی پێشوو لاوازتره‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش له‌م هه‌فته‌یه‌دا هیچ حاڵه‌تێكی مردنی به‌كۆرۆنا تۆمارنه‌كردوه‌.