بۆ بەرەپێدانی بەهرەی کارمەندەکانی بۆ داهاتوو کورەك تیلیکۆم هاوبەشی لەگەڵ "کۆرسێرا" دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئەمڕۆ کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم، پێشکەوتووترین كۆمپانياى خزمەتگوزاریی مۆبايلە لەسەر ئاستى عێراقدا، هاوبەشی خۆی لەگەڵ "کۆرسێرا" ڕاگەیاند بە مەبەستی بەردەوامبوون لە ڕاهێنان و پەرەپێدانی کارمەندەکانی. "کۆرسێرا" پلاتفۆرمێکی پەروەردەیی جیهانییە کە خزمەتگوزارییەکانی بە ئۆنلاین پێشکەش دەکات، و لە ڕێگەی ئەم هاوبەشییەوە کارمەندانی کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم دەتوانن سوود وەربگرن لە لیستێکی فراوان لە "کۆرسێرا بۆ بازرگانی" (Coursera for Business) کە بڕوانامەی جیهانی و ناوەڕۆکی پەروەردەیی لەخۆدەگرێت. ئەم ناوەڕۆکە زیاتر لە 5,400 خولی ڕاهێنان و زیاتر لە 3,400 پڕۆژەی ڕاهێنەرایەتی و زیاتر لە 675 تایبەتمەندی لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش 10,000 کورتە ڤیدیۆ و وانە لەخۆدەگرێت کە لەلایەن زیاتر لە 275 هاوبەش لە زانکۆ و پیشەسازییە پێشەنگەکانەوە دەوترێتەوە، وەک "گۆگڵ"، "ئای بی ئێم"، و "مێتا" و هاوبەشە جیهانییەکانی دیکە.


ئەم هاوبەشییە لەگەڵ "کۆرسێرا" بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم بۆ دابینکردنی باشترین سەرچاوە بۆ کارمەندەکانی بۆ ئەوەی لە پێشەنگی تەکنەلۆژیادا بمێننەوە.
قیس زریبی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای "کۆرسێرا" لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە خۆشحاڵین بە دەستپێکردنی ئەم هاوبەشییە لەگەڵ کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم بۆ دابینکردنی توانای ئەلیکترۆنی گرنگ بۆ کارمەندەکانی بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە هێزی کاری دیجیتاڵی سەرکەوتوو بن و بەشداری لە پێشکەوتنی وڵاتدا بکەن."


هەروەها "کۆرسێرا بۆ بازرگانی" (Coursera for Business) ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دابینکردنی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی جیهان بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانیان، ئەم پرۆگرامە یارمەتی کارمەندان دەدات بۆ بەدەستهێنانی بەهرەی پێویست و گرنگ.


بەم بۆنەیەوە بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم، محەمەد نامق ڕایگەیاند: "زۆرینەی هێزی کارمان لە چینی گەنجەکانن و ئامادەن بۆ فێربوون و گەشەکردن و ئێمە دڵنیاین کە پلاتفۆرمی "کۆرسێرا" یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی لێهاتوویی و زانیاری کارمەندەکانمان، هەروەها یارمەتیمان دەدات بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕاهێنانەکانمان بۆ ئەوەی ئامادە بین بۆ داهاتوو”.


کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم یەکەم کۆمپانیای گەورەیە لە عێراق کە لەگەڵ "کۆرسێرا"دا هاوبەشی دەکات، لە ئێستادا "کۆرسێرا" هاوکاری پەرەپێدانی تواناکانی زیاتر لە 221 هەزار فێرخواز لە عێراق (بە ڕێژەی زیادبوونی 28% ساڵانە) زیاتر لە 6.7 ملیۆن فێرخواز لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.


"کۆرسێرا" لە ساڵی 2012 لەلایەن دوو پرۆفیسۆری زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی ستانفۆرد، "ئەندرۆ نج" و "دافنی کۆلەر" دامەزراوە کە ئامانجیان دابینکردنی پەروەردەیەکی ئاست بەرزی جیهانی بوو بۆ هەموو وڵاتان. لە ئێستادا "کۆرسێرا" یەکێکە لە گەورەترین پلاتفۆرمەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە جیهاندا کە زیاتر لە 113 ملیۆن فێرخوازی تۆمارکراوی هەبووە لە 30ی ئەیلوولی 2022ەوە