توێژینەوەیەك: سپێدە و ئێن ئاڕ تی زۆرترین هەواڵی گەندەڵیی داراییان بڵاوکردووەتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لەتوێژینەوەی ماستەرنامەی رۆژنامەنووسێكدا، ئێن ئاڕ تی و سپێدە زۆرترین هەواڵی گەندەڵیی داراییان بڵاوکردووەتەوە

بەگوێرەی دەرەنجامەکانی ماستەرنامەی کاروخ نامیق، رۆژنامەنووسی دامەزراوەی زووم، ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنییانەی لەلایەن حزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، زۆرترین هەواڵی گەندەڵیی داراییان بڵاوکردووەتەوە، لەو رووەوە کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی و سپێدە لە پلەی یەکەمدان.

ماڵپەری زووم بڵاویكردوەتەوە: ماستەرنامەکە، مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلولی ساڵی 2020ی بە نموونە وەرگرتووە. توێژەر گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی لەو سێ مانگەدا کەناڵی ئێن ئاڕ تی 32 هەواڵ و کەناڵی سپێدە 18 هەواڵی لەبارەی گەندەڵی داراییەوە بڵاوکردووەتەوە، ناوەرۆکی زۆرینەی هەواڵەکانیش لەبارەی بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، کەناڵەکانی رووداو، گەلی کوردستان، کوردسات نیوز و کوردستان تیڤی لەو سێ مانگەدا بەهەر چواریان 16 هەواڵیان لەبارەی گەندەڵیی داراییەوە بڵاوکردووەتەوە.
"ئاستی پشتبەستن بە هەواڵی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی" ناونیشانی ماستەرنامەکەی کاروخ نامیق، خوێندکاری بەشی راگەیاندنی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانییە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش 10ی تشرینی دووەمی 2022، ماستەرنامەکە لە هۆڵی بابان لە زانکۆی سلێمانی گفتوگۆی لەسەر کرا.
کاروخ نامیق، کە یەکێکە لە رۆژنامەنووسەکانی دامەزراوەی زووم، دەڵێت، لە توێژینەوەکەدا گەیشتووەتە 11 دەرەنجام، بەشێکیان پەیوەندییان بە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانەوە هەیە و بەشێکی دیکەیشیان پەیوەستە بە پەرلەمانتارانی کوردستانەوە.
بە گوێرەی دەرەنجامەکان، "بەشێک لە پەرلەمانتاران لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی داراییدا پشت بە هەواڵی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان نابەستن و تێبینییان لەسەر هەواڵەکان هەیە و متمانەی پێناکەن".
توێژەر، پێشنیاز بۆ کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان دەکات، لە کاتی رووماڵی بابەتەکانی پەیوەست بە گەندەڵیی دارایی، زیاد لە سەرچاوەیەک بەکاربهێنن و بە بەرپرسیارێتییەوە کاری لەسەر بکەن. جگەلەوەش، لەکاتی کارکردن لەسەر ئەو دۆسیانە، ئامانجیان وروژاندنی هەست و سۆزی وەرگر نەبێت و نەیکەنە بەشێک لە کەرەستەکانی ململانێ، بەڵکو ئامانجەکە هەستکردن بێت بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی.

لینکى هەواڵەکە لە ماڵپەرى زووم: https://bit.ly/3X7Yj5n