د. عمر عبدالعزیز: یەکگرتوو ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە سەقامگیریی ئەمنی و ئاشتی کۆمەڵایەتی

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

د. عمر عبدالعزیز ڕایگەیاند: یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە پەیڕەوکرنی مەنهەجیەتی میانەڕەویی لە بیرکردنەوەو هەڵس و کەوتدا ڕۆڵێکی لەبەرچاوی هەبووە لە سەقامگیریی ئەمنی و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

کاتژمێر شەشی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی (18-11-2022ز) بەڕێز د. عمر عبدالعزیز ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە کۆنگرەی یەکیەتی حزبە سیاسییەکانی ئاسیا لە شاری ئەستەمبوڵ، بە نوێنەرایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا وێڕای جەختکردنەوەی لەسەر ڕۆڵی کاریگەریی حزبەکان لە سەقامگیرکردنی ئاشتی، دووپاتی کردەوە کە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە پەیڕەوکرنی مەنهەجیەتی میانەڕەویی لە بیرکردنەوەو هەڵس و کەوتدا ڕۆڵێکی لەبەرچاوی هەبووە لە سەقامگیریی ئەمنی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی گیانی تەسامح و پێکەوەژیان.

هەروەها لە بەشێکی تری وتارەکەیدا چوار پێشنیاری بۆ کاراکردنی یەکیەتی حزبە سیاسییە ئاسیاییەکان خستەڕوو، کە پەیوەندییان بە کۆتاییهێنانی شەڕو ململانێی نێوخۆیی و پێشێلکردنی مافی گەلە چەوساوەکان و تیرۆری نێودەوڵەتی دژی وڵاتانی کەم دەسەڵاتەوە هەبوو.

شایانی باسە کارەکانی کۆنگرەی حزبە سیاسییە ئاسیاییەکان لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی حزبە سیاسییەکان لە پشتگیریی دیالۆک لە پێناوی ئاشتی جیهانیی و گەشەپێدان و هاریکاریی) دوو ڕۆژە دەستی بە کارەکانی کردووە.

لەو کۆنگرەیەدا بەڕێز د. عمر عبدالعزیز بە نوێنەرایەتی بەڕێز مامۆستا صلاح الدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، بە یاوەریی بەڕێز د.لوقمان محمد صالح بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکگرتوو لە تورکیا، بەشدارن، کە بڕیارە سێ ڕۆژ بخایەنێت و (67) حزبی سیاسی ئاسیایی تیایدا ئامادەن.

شایانی باسە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەندامی یەکێتی جیهانیی حزبە سیاسییە ئاسیاییەکانەو لە سێ کۆنگرەی پێشووتری ئەم یەکیەتییەدا لە کەمبۆدیاو مالیزیاو ئێران بەشداریی کردووە.