گوتیرێس: "خۆشحاڵم بە دامەزراندنی سندوقی قەرەبووکردنەوەی گۆڕانی ئاووهەوا"

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە گەیشتنە رێککەوتن بۆ دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ ئەو وڵاتانەی گۆڕانی ئاووهەوا کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەریان.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە کۆتایی ٢٧ھەمین کۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا "COP27" کە لە شاری شەرەمشێخ لە میسر بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەوە کە لە میانی لووتکەکەدا، "هەنگاوێکی گرنگ نرا بەرەو دادپەروەری".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس پەیامی ڤیدیۆیی خۆی لە بارەی کۆنفرانسەکە بڵاوکردەوە کە یەکێک لەو خاڵانەی مشتومڕی جیددییان لەسەر بووە، داواکاری بووە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئاکامی گۆڕانی ئاووهەوا دەکەونەوە لە وڵاتانی گەشەسەندوودا.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لەمبارەیەوە لە پەیامەکەیدا گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بڕیاری دروستکردنی سندوقێک بۆ زیانەکان دەکەمەوە کە لە داهاتوودا کاری پێ دەکرێت".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بڕیاری دروستکردنی سندوقی هاوکاری بە تەنها بەس نییە، گوتی: "ئەمەی لەمبارەیەوە رێککەوتنی لەسەر کراوە، ئاماژەیەکی سیاسییە کە دەری دەخات زۆر پێویستە ئەو متمانەیەی لەق بووە، دووبارە پتەو ببێتەوە".

هەرچەند چاوەڕوان دەکرا کۆنفرانسەکە ١٨ی ئەم مانگە تەواو ببێت، بەڵام بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی لایەنەکان بۆ دوو رۆژی دیکە درێژ کرایەوە.