بەهۆی تەقەکردن لە یانەیەکی شەوانەی هاوڕەگەزبازان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ 5 کەس دەکوژرێن و 18 کەس برینداردەبن

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-20 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

پۆلیسی کۆلۆرادۆ ڕایگەیاند، شەوی شەممە لە شاری کۆلۆرادۆ سپرینگز لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ تەقە لە یانەیەکی شەوانە هاوڕەگەزبازان کراوە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسیش برینداربوون. لیوا پامێلا کاسترۆی لە پۆلیسی کۆلۆرادۆ سپرینگز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆمەتبارێک لە یانەی کیو دەستگیرکراوە. کاسترۆ وتی پۆلیس پەیوەندییەکی تەلەفۆنی وەرگرتووە تەنها پێش نیوەی شەو سەبارەت بە تەقەکردنەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ گەیشتنیان، ئەفسەرەکان کەسێکیان لەناو یانەکەدا دۆزیوەتەوە کە پێدەچێت تۆمەتبارەکە بۆبێت. کاسترۆ هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری هێرشەکە نەدا و ڕەتیکردووەتەوە بڵێت چ جۆرە چەکێک لە تەقەکردنەکەدا بەکارهاتووە. جیی ئاماژەپێکردنە لە گووگڵدا، یانە کیو خۆی بە "یانەیەکی شەوانە هاوڕەگەزباز وەسف دەکات کە بە شێوەیەکی سەرەکی شەوانە نمایشی وەک کارایۆکی، دراگ و دیجەی میوانداری دەکات". یانەکە لە بەیاننامەیەکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "بەهۆی هێرشە بێماناکانەوە بۆ سەر کۆمەڵگاکەمان دڵگرانین، و سوپاسی کاردانەوەی خێرای کڕیارە قارەمانەکان دەکەین کە چەکدارەکەیان گرت و کۆتایییان بەم هێرشە ڕقاوییە هێناوە". تا کاتژمێر ٤ی بەیانی، پۆلیس ناوچەی دەوروبەری یانەکەی گرتبووەوە، کە دەکەوێتە مۆڵێک لە پەراوێزی شاری کۆلۆرادۆ سپرینگز. جیی بەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی 2016 دا چەکدارێک لە یانەیەکی شەوانەی هاوڕەگەزبازان لە ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا 49 کەسی کوشت، پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێبکرێت. لەو کاتەدا خراپترین تەقەکردنی بەکۆمەڵ بوو لە مێژووی ئەم دواییەی ئەمەریکادا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز