کۆمەڵەی حەوت داوای وەڵامێکی بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوور

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت دەڵێن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت " ڕێوشوێنی بەرچاو " بگرێتەبەر وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی موشەکی کیشوەربڕ لەلایەن کۆریای باکوورەوە. بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئەم ساڵی کۆریای باکوور، کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت. وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا, ژاپۆن, کەنەدا, ئەڵمانیا,  بەڕیتانیا, فەڕەنسا و ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند " کارەکانی کۆریای باکوور پێویستییان بە وەڵامێکی بەهێز و یەکگرتوو هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە." ڕۆژی هەینی کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی تاقیکردەوە کە لە توانایدا هەیە بگاتە سەر خاکی ئەمەریکا، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ڕایگەیاند ئەگەر واشنتن بوونی لە ڕووی ئاسایشەوە لە ناوچەکەدا پتەو بکات ئەوا " وەڵامی سەربازیی توندترمان " دەبێت. لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی حەوتدا هاتووە دەڵێت تاقیکردنەوەکەی ڕۆژی هەینی " کارێکی بێباکانە و پێشێلکردنێکی دیکەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو." وتیشی " هەڵدانی زنجیرە موشەکە باڵیستیکییەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە لە ساڵی 2022 دا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان و ناوچەکە." وتیشی کۆریای باکوور " ناتوانێت و هەرگیز نابێت بە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز