ئەڵمانیا سیستمی موشەکی پاتریۆت پێشکەشی پۆڵەندا دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت بە ڕۆژنامەیەکی وت ئەڵمانیا سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی پێشکەشی پۆڵەندا کردووە تاوەکو بتوانێت ئاسمانەکەی بپارێزێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو موشەکێک کە لە ئاڕاستەکەی لایدابوو لە پۆڵەندا کەوتە خوارەوە. حکومەتی ئەڵمانیا پێشتر دوابەدوای ڕووداوەکە ئاماژەی بەوەدا بوو کە لە ڕووی ئاسایشی ئاسمانییەوە یارمەتی زیاتری پۆڵەندا دەدات، ئەوەش لە سەرەتادا ترسی ئەوەی لێکەوتەوە شەڕەکەی ناو ئۆکرانیا پەرەبسەنێت بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە. لامبرێخت بە ڕۆژنامەی خاینشە پۆست و جێنێڕاڵ ئانزیژەی وت " پشتیوانی خۆمان پێشکەشی پۆڵەندا کردووە لە پاراستنی ئاسمانەکەیدا، بە فڕۆکە یۆرۆفایتەرەکانمان و سیستمەکانی بەرگری موشەکی پاتریۆتەوە." ئەو موشەکەی کە هەفتەی ڕابردوو لە پۆڵەندایدا و بووە هۆی کوژرانی دوو کەس، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی زیاتر وادەردەکەوێت لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە هەڵدرابێت وەک لەوەی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیا بووبێت. سیستمەکانی بەرگری موشەکی پاتریۆت بەرپەرچی موشەکەکان دەدەنەوە، هەروەها لەسەر زەوی جێگیر دەکرێن. لە دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵیداوە بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پتەو بکات. زیاتر لە دوانزە وڵاتی ئەندام لە ناتۆ بە ڕابەرایەتی ئەڵمانیا لە مانگی 10 دا دەستپێشخەرییەکیان دەستپێکرد بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ چەند شێوازێکی مەترسی، پاتریۆتیش یەکێک بوو لەو سیستمانەی جێگیرکراوە. ئەڵمانیا 36 یەکەی پاتریۆتی هەبوو کاتێک لە جەنگی ساردا لە بەرەکانی پێشەوەی ناتۆدا بوو، لە ئێستادا هێزەکانی ئەڵمانیا 12 یەکەی پاتریۆتیان هەیە، دوو یەکەیان ڕەوانەی سلۆڤاکیا کراون. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز