رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: "لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە تا ئێستا 92 منداڵ لە یەمەن کوژراون"

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن (Save the Children) رایگەیاند کە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ لە یەمەن کە لە ساڵی 2014ەوە لەو وڵاتە بەردەوامە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، 92 منداڵ کوژراون.

رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن کە رێکخراوێکی ناحکوومییە و بارەگاکەی لە لەندەنە لە بەیاننامەیەکدا، بەبۆنەی 20ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی منداڵان ئاماژەی بەوە داوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 15ی ئەم مانگە، 92 منداڵ لە ئەنجامی شەڕی یەمەن کوژراون و 242ی دیکەش برینداربوون.

راشیگەیاندووە، ململانێکان لە یەمەن بەرەو هەڵکشان دەڕوات و ئەمساڵ بە تێکڕا رۆژانە یەک منداڵ دەکوژرێت یان بریندار دەبێت.

رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن هێمای بۆ ئەوەیش کردووە کە لە رۆژی جیهانی منداڵاندا، منداڵانی یەمەن داوا دەکەن لایەنەکانی شەڕی ناوخۆ پابەندبن بە رێگریکردن لە هێرش و توندوتیژی دژبە خەڵکی مەدەنی.

شەڕی ناوخۆی یەمەن دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە حووسییەکان لە کۆتایی ساڵی 2014دا، دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و ژمارەیەک پارێزگای ئەو وڵاتەدا گرت بە پاڵپشتی هێزەکانی سەرکۆماری پێشووی یەمەن، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کە لە ساڵی 2017 لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەکدارانی حووسییەکاندا کوژرا، دوای کۆتایی هاتنی هاوپەیمانی نێوانیان.

ململانێکان دووبارە لە مانگی ئاداری ساڵی 2015ەوە پەرەیان سەند، دوای ئەوەی هاوپەیمانییەکی سەربازیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سەربە حکوومەتی شەرعیی لە رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان کە ئێران پاڵپشتییان دەکات پێکهێنرا.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا کۆتایی ساڵی 2021، 377 هەزار کەس بەهۆی شەڕی ناوخۆەوە لە یەمەن کوژراون.