لە ئاکرێ ھیچ حاڵەتێکی ھەڵگری ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ئاکرێ-KDP.info-  قایمقامی شارۆچکەی ئاکرێ دەڵێ، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی قەدەغەی ھاتوچۆی ھاووڵاتیان بۆ خۆپارێزی لەم پەتایە لەجێی خۆیەتی و لە سنووری قەزای ئاکرێ بڕیارەکە جێبەجێ کراوە و بەردەوامە. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێش ڕایگەیاند، ھیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاکرێ تۆمار نەکراوە.

مازن محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە تا ڕادەیەکی باش ھاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی  ناوخۆ و تەندروستین، ئاکرێ یەکێکە لەو شارانەی کە ساڵانە لە کاتی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆزدا چەندین فستیڤاڵ و ئاھەنگی جۆراوجۆری تێدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمساڵ گەنج و لاوان و چینوتوێژەکانی ئاکرێ ببێبەش بوون لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و، ھاووڵاتیان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵەوە مانەوە."

قایمقامی ئاکرێ ئەوەیشی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری قەزای ئاکرێ ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە پێک ھاتووە و ڕەوشی تەندروستی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان لە ئەرکدان بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و دووکانەکانی کەلوپەلی خواردن و کێشەکانی ھاووڵاتیان. ھەر بڕیارێک بدرێت بۆ تەندروستی و پاراستنی ھاووڵاتیانە، ھێزە ئەمنیەکان لە ھەموو شوێنەکانی شار جێگیر کراون، خەڵکی ئێمە بە شێوەیەکی باش ملکەچی بڕیارەکانن."

سەلام مشیر، ڕۆژنامەنووسی دەڤەرەکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "بەپێی قسەی باوباپیرانی ئێمە، لە سەردەمی ھاتنی نەخۆشیی تاعووندا ھاووڵاتیانی دوو گوندی سنووری ناحیەی گردەسێر سەر بە قەزای ئاکرێ تووشی نەخۆشییەکە بوون و تەواوی ھاووڵاتیانی ئەو دوو گوندە گیانیان لەدەست داوە، کە نزیکەی 50 ماڵ بوون."

سەلام مشیر گوتیشی: "دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، خەڵکی ئاکرێ پابەندی ڕێنماییەکانن، پێویستە خۆمان لە شوێنی قەرەباڵغ بپارێزین و لە ماڵەوە بمێنینەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی ھاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە."

لەم بارەیەوە، سەباح زھێر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەموومان دەزانین  ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە مەترسی لەسەر تەواوی جیھان، بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لەم پەتایە و ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تا ئێستا لە سنووری ئاکرێ نزیکەی 40 ھاووڵاتی کەرەنتینە کراون کە لە وڵاتانی دەرەوە ھاتوونەوە و، ھیچ حاڵەتێکی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە."

سەباح زھێر گوتیشی: "دوو تیمی تەندروستیی گەڕۆک دانراون بۆ پاراستن و تەندروستیی ھاووڵاتیان لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داواکاریشین ئەگەر ھاووڵاتیان زانیارییان لەسەر ھەرکەسێک ھەبێت کە لە دەرەوە ھاتبێتەوە و پشکنینی بۆ نەکرابێت، ئێمە ئاگادار بکەنەوە."

زێرەڤان تەمۆ، چالاکی مەدەنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "خۆشبەختانە بەگشتی خەڵکی ئێمە پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھاووڵاتیانیش لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی ھاوکارن."

ناوبراو دەشڵێت: "بەردەوام دەزگا ئەمنییەکان ھۆشیاری و ڕێنماییی نوێ بۆ ھاووڵاتیان بڵاو دەکەنەوە، خەڵکی ئاکرێ خەڵکێکی ھۆشیارە و پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن بۆ پاراستنی تاک و کۆمەڵگا و دووربوون لە نەخۆشی و نەھامەتی."

دووپاتیشی کردەوە: "ژیانی ئازیزانمان گرینگترە لە خۆشییەکانی وەرزی بەھار و بۆ پاراستن ھاووڵاتیان لە ماڵەوە دەمێنینەوە."

سیروان سابیر