چین ڕەتی دەکاتەوە هێزی بەکارهێنابێت بۆ گەڕاندنەوەی پاشماوەی موشەکەکەی لە دەریای باشووری چیندا

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە چین ڕەتی کردەوە کەشتییەکه هێزی پاسەوانی کەناری وڵاتەکە هێزی بەکارهێنابێت بۆ گەڕاندنەوەی پارچەی ئەو موشەکەی کە لە دەریادا سەرئاوکەوتبوو و لەلایەن کەشتییەکی فیلیپینییەوە لە دەریای باشووری چین هەڵگیرایەوە. لە ماوەی ڕابردوودا فەرماندەیەکی سەربازیی فیلیپین وتی کەشتییەکی هێزی پاسەوانی کەناری چین " بە بەکارهێنانی هێز " ئەو تەنەی هەڵگرتۆتەوە، ئەوەش لە ڕێی پچڕاندنی ئەو پەتەوە کە تەنەکەی پێوە بەسترابوو بە کەشتییە فیلیپینییەکەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو تەنە پاشماوەی بەشێکی ئەو موشەکە بووە کە لەلایەن چینەوە هەڵدراوە. ماو وتی " سەرەتا فیلیپینییەکان تەنەکەیان دەرکرد و ڕایانکێشا، دوای ئەوەی هەردوولا لە شوێنی ڕووداوەکەدا گفتوگۆیەکی دۆستانەیان ئەنجامدا، فلیپینییەکان تەنە سەرئاوکەوتووەکەیان ڕادەستی ئێمە کرد." ماو وتی " بارودۆخەکە ئەوە نەبووە کە ئێمە دەستمان بەسەر تەنەکەدا گرتبێت." فەرماندەی سەرکردایەتی ڕۆژئاوای فیلیپین لە بەیاننامەیەکدا وتی بەرپرسانی فیلیپین کەشتییەکیان ڕەوانە کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تەنەی کە ڕۆژی یەکشەممە لە نزیکەی 730 مەتر لە ڕۆژئاوای دوورگەی ثیتووە بیندرابوو. وتیشی تیمەکە تەنەکەیان بە کەشتییەکەیانەوە بەستۆتەوە، دواتر کەشتییەکی چینی نزیک بۆتەوە و دووجار ڕێگەی لێگرتوون، دواتریش بەلەمێکیان دەرکردووە و پەتی ڕاکێشانەکەیان پچڕاندووە و تەنەکەیان بردۆتەوە بۆ کەشتییەکەی پاسەوانی کەناری چین. ڕووداوەکە لە کاتێکدا بوو کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرش ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە فیلیپین، مەبەست لە سەردانەکەشی گفتوگۆکردن بوو بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ فیلیپینی هاوپەیمانیدا کە زۆر گرنگە بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی سیاسەتە فشارەکانی چین بەرامبەر تایوان. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز