دیجیتاڵ میدیای سپێده
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ داوای لە سوید و فینلاند کرد، دژبە تیرۆر هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ بە تایبەت تورکیادا بکەن و رایگەیاند "سوید و فینلاند لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکەدا، دەبێت هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ تورکیادا بکەن".
یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمی سوید "SVT" بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە پێویستە سوید و فینلاند یاساکانیان توند بکەنەوە لەبارەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، گوتی: "تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ کە دووچاری زۆرترین هێرشی تیرۆریستی بووەتەوە، (لە چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆریستیییەکان لەو دوو وڵاتە) نیگەرانە و پێویستە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێ بگەن".
سکرتێری گشتیی ناتۆ لەبارەی "ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی چنگ-شمشێر"ی تورکیا لە باکووری سووریا و عێراق بۆسەر ئامانجەکانی تیرۆریستیان، بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەبارەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە تێڕوانینیان جیاوازە، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە لە بەرامبەر رێکخراوە تیرۆریستییەکان.