سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا کۆدەبێتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەڵێت سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی لە ئیستەنبوڵی تورکیا لەگەڵ شاندێکی ڕووسیادا کۆبۆتەوە و تاوتوێی پارێزراویی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژای ئۆکرانیایان کردووە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە. وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا کە بە ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کرا، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا دووبارە بۆردومانکرایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دووبارە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی داوای ناوچەیەکی پارێزراو بکاتەوە لە دەوروبەری وێستگەکەدا، ئەوەش بەمەبەستی خۆبەدوورگرتن لە ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی لە وێستگەکەدا. ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا زیانی گەیاندووە بە بینا و هێڵەکانی کارەبای وێستگەکە کە گرنگن بۆ ساردکردنەوەی سوتەمەنی شەش ڕیاکتەرەکەی وێستگەکە. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی " ئەمڕۆ سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی لەگەڵ شاندێکی ڕووسیادا کە سەرۆکی کۆمپانیای ڕۆساتۆم ئالێکسی لیکاچیڤ ڕابەرایەتی کردووە لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە، بە مەبەستی پارێزراوی کارەکان لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژادا لە ئۆکرانیا و هەروەها دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو و ئاسایشی ئەتۆمی بەپەلە." گرۆسی چەند مانگێکە هۆشداری دەدات لەسەر مەترسی ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی لە وێستگەکەدا، ئەوەش بەهۆی بۆردومانەکانەوە. وێستگە ئەتۆمییەکە کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا، پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا نزیکەی پێنج یەکی کارەبای ئۆکرانیای دابین کردووە، هەروەها چەند جارێک بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەباەوە ناچار بووە بە بزوێنەرە یەدەگەکان کاربکات. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز