فەرهاد شامی نیگەرانی لەمەڕ هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کەمپی هۆل دەردەبڕێت

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئێوارەی چوارشەممە شارۆچکەی هۆل کە کەمپی پەنابەرانی هۆلی لێیە، لەلایەن سێ فڕۆکەی جەنگی تورکیاوە بۆردومان کرا. بە پێی سەرچاوەکان هێزەکانی پاراستنی کەمپەکە کراونەتە ئامانج و ئێستا ڕەوشی کەمەپەکە زۆر خراپە. فەرهاد شامی، گوتەبیژی هێزەکانی سوریای دیموکراتک، هێرشەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتراست کردەوە و گوتی " فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پێنج هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر کەمپی هۆل."   گوتەبێژەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تویتێکیشدا دەڵێت " فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کە بەرپرسن لە پاراستنی کەمپی هۆل کردووەتە ئامانج. لە ئەنجامدا هەندێک لە خێزانەکانی داعش لە کەمپەکە هەڵاتوون و هێزەکان لە هەوڵی دەستگیرکردنەوەیاندان." هەروەها دەشڵێت " ئەمەش خواستی تورکیا نیشان دەدات بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانی داعش و ئەندامەکانیان ت هەڵبێن. ئێمە نیگەرانین لەسەر ئەوەی تورکیا هێرش بکاتە سەر گرتووخانەکانی ناوچەکە." بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 55 هەزار کەس لە ناو کەمپی هۆل دەژین کە بەشێکیان خێزانەکانی چەکدارانی داعشن. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان 28 هەزار هاووڵاتی عێراقی، نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتی سوریایی و زیاتر لە 8 هەزار هاووڵاتیانی بیانی لە ناو ئەو کەمپەدا دەژین.