کوێت و عێراق "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان" تاوتوێ کرد

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی کوێت، ئەحمەد نەواف ئەحمەد سەباح لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پێشخستنی بوارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییەکانی کرد.

بەپێێ هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی کوێت، سەرۆکوەزیرانی کوێت، ئەحمەد نەواف ئەحمەد سەباح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، لە کوێتی پایتەخت کۆبوونەوەتەوە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی بەهێزکردنی بوارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات ده‌گه‌یه‌نێت، کراوە.

هەروەها لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستی هەردوو وڵات لەبەرامبەر ئەم پێشهاتانە تاوتوێی کراوه‌ و جەخت لەسەر راوێژ و هەماهەنگی لەو پرسانەی کە خاوەنی گرنگیی هاوبەشن کراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی هەواڵەکە، شازادەی جێنشینی کوێت، مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح لە کۆشکی بەیان پێشوازیی لە سوودانی و شاندی یاوەری کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (INA)، لەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقه‌وه‌، بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە سوودانی "لەهەوڵی چارەسەرکردنی چەندین دۆسیەیە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکات لەگەڵ کوێت".

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە شازادەی جێنشینی کوێت و سەرۆکوەزیرانی کوێت "تاوتوێی رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵی و پەیوەندییە مێژووەکانیان کردووە".

لە میانی کۆبوونەوەی نێوان شازادەی جێنشینی کوێت و سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگیی دوولایەنە لە ئاستە جیاوازەکان کراوەتەوە و ئاماژە بە پێویستیی بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەی هاوبەش و هەماهەنگی لە بابەتە جۆراوجۆرەکان بەشێوەیەک کە سەقامگیریی هەردوو وڵات و خۆشگوزەرانی خەڵک زیاد دەکات، کراوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، لە دوای دەستبەکاربوونی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، یەکەم جارە سەردانی کوێت بکات.