ڕووسیا داوا لە تورکیا دەکات خۆی بە دووربگرێت لە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر سوریا

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-24 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دانوستکاری باڵای ڕووسیا ئالیکساندەر لاڤرینتیڤ دەڵێت ڕووسیا داوای لە تورکیا کردووە خۆی بە دووربگرێت لە هێرشێکی زەمینی بەرفراوان لە سوریا، وتیشی چونکە ئەو جۆرە کارانە دەبنە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم هەفتەیەدا وتی تورکیا بەمزووانە لە ڕێی تانک و سەربازەوە هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکانی ناو سوریا، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەگەری هێرشێکی زەمینی وەکو وەڵامێک بۆ تەقینەوەکەی ناو ئیستەنبوڵ. لاڤرینتیڤ دوابەدوای خولێکی دیکەی گفتوگۆکانی سوریا لەگەڵ شاندەکانی تورکیا و ئێراندا لە کازاخستان وتی " هیوادارین قسەکانمان لە ئەنقەرە ببیسترێن و ڕێگەی دیکە بدۆزرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە." وتیشی چارەسەرکردنی پرسی کورد فاکتەرێکی گرنگ دەبێت لە جێگیرکردنی بارودۆخەکەی ناو سوریادا. جێی ئاماژەیە ئەمەریکا لە شەڕی داعشدا پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە کە لەلایەن یەپەگەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، ئەوەش بووەتە جێی ناکۆکی لەگەڵ تورکیادا. لاڤرینتیڤ وتی " بەبێ بوونی ئەمەریکا، پرسی کورد زۆر بە خێرایی چارەسەر دەکرا، من دڵنیام." لاڤرینتیڤ وتی لایەنەکان باسیان لەوە کردووە چین وەکو چاودێر بهێننە گفتوگۆکانەوە، ئێران پشتیوانی لەو بیرۆکەیە دەکات، بەڵام تورکیا هێشتا بڕیاری لەسەر نەداوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز