ڤۆن دێر لین دەڵێت یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای دیکە دژی ڕووسیا ئامادە دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-24 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ فینلەندا وتی یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی کۆمەڵێک سزای دیکە بەسەر ڕووسیادا وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیادا، ئەمەش نۆیەمین جار دەبێت یەکێتییەکە بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت. ڤۆن دێر لین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " زۆر کاردەکەین بۆ لێدانی ڕووسیا لەو شوێنەی کە ئازاری دەبێت، تاوەکو تواناکانی ڕووسیا بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا کەمتر بکەینەوە، هەروەها دەتوانم ئەمڕۆ ڕایبگەیەنم زۆر بە خێرایی کاردەکەین بۆ سەپاندنی نۆیەمین پاکێجی سزاکان." وتیشی " من دڵنیام لەوەی زۆر بەزوویی لەگەڵ کۆمەڵەی حەوت و هاوبەشە سەرەکییەکانی دیکەدا کەمکردنەوەی نرخی جیهانی نەوتی ڕووسیا پەسەند دەکەین. پشوو نادەین تاوەکو ئۆکرانیا بەسەر پوتن و جەنگە دڕندانە و نایاساییەکەیدا سەرنەکەوێت." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز