نەریتەکانی جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمەریکا

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-24 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە جەژنی سوپاسگوزاری ئەمەریکادا کۆمەڵێک نەریت هەیە کە دەیان ساڵە بەردەوامن و خەڵکی ئەمەریکا لەم ڕۆژدا بێجگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکانیان گرنگییەکی زۆریش بەو نەریتانە دەدەن. مێژووی ئەم جەژنە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم کاتێک خاوەن بڕوایانی ئایینی کە لە ئەوروپا هاتبوون و ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان کۆبوونەوە بۆ بەشکردنی بەروبوومە خۆراکییەکانی پایزیان. لەم سەردەمدا ئەم بۆنەیە پشوویەکی فەرمی چەند ڕۆژی دەگرێتەوە بۆ خێزانەکان کە بەشێوەیەکی ئاسایی گەشت دەکەن بۆ بینی خێزانەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکە تا پێکەوە لە خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوزاری، کە دەکەوێتە چوارهەم پێنجشەممەی مانگی یازدەوە، کۆببنەوە. لەم ڕۆژەدا بەشێوەیەکی نەریتی خێزانەکان بە قەل و چەند خواردنێکی تری نەریتی سفرەکانیان دەڕازێننەوە. یەکێک لە نەریتەکانی جەژنی سوپاسگوزاری ئەوەیە خەڵکی خۆراک و هاوکاری دەبەخشن بەو کەسانەی بێ ماڵن یا ژەمێکی شایستەی ئەو جەژنەیان نییە، بۆیە زیاتر ئەو خواردنانەی کە لە لایەن کەس و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەخشرێن بریتین لە قەل و ئەو پێداویستیانەی تر کە لەسەر خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوازی دادەنرێن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 96 هەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی مەیسی لە شاری نیویۆرک کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی دەستیپێکردووە کە بە ڕێپێوانی ڕۆژی جەژنی سوپاسگوازاری مەیسی ناسراوە. ملیۆنان کەس لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە بۆ بینی ئەو نمایشانەی لە لایەن باندە میوزیکەکان و گروپە جیاجیاکانەوە دەکرێن. لە شارەکانی تری ئەمەریکاش ڕێپێوانی جۆراو جۆر لەمڕۆدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕیپێوانەکەی نیویۆرک لە ڕێگای تەلەفزیۆن لە سەرانسەری ئەمەریکا پەخش دەکرێت و بە ملیۆنان بینەری هەیە. سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا