بریندارێكی دیكه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دهۆك گیانی له‌ ده‌ستدا

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


بریندارێكی دیكه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌ی دهۆك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی وڵاتی توركیا گیانی له‌ده‌ستدا و كوی قوربانیانی رووداوه‌كه‌ گه‌یشته‌ شه‌ش كه‌س.

به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی بریندارێكی دیكه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كه‌ شه‌وی 21ی تشرینی دووه‌می 2022 به‌هۆی گازی شله‌وه‌ له‌ شاری دهۆك روویدا، له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی وڵاتی توركیا گیانی له‌ده‌ستدا و به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و رووداوه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا گه‌یشه‌ شه‌ش كه‌س.
نێچیرڤان عه‌بدولعه‌زیز كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ برینداربوو و به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ره‌وانه‌ی وڵاتی توركیا كرابوو، سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌ پزیشكییه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌توانرا گیانی رزگاربكرێت و كۆچی دوایی كرد.
ئه‌یاز كۆچه‌ر ئامۆزای نێچیرڤان عه‌بدولعه‌زیز هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتڕاست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، دوای ته‌واوبوونی رێككاره‌كان ته‌رمی نێچیرڤان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ شاری دهۆك و به‌ خاكی ده‌ستپێرن.
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی تانكییه‌كی گازی شل له‌ سه‌ربانی به‌شه‌ ناوخۆییه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی گرێ باسێی شاری دهۆك له‌ دره‌نگانێكی شه‌وی 21ی ئه‌م مانگه‌دا، پێنج كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 42 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌و پێنج كه‌سه‌ی كه‌ له‌و رووداوه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا، سێیان پۆلیس بوون.
هه‌روه‌ها رۆژی 17ی تشرینی دووه‌می 2022 له‌ گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی سیسته‌می گازی ماڵێك ته‌قییه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 15 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 12 كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوون.