فەرماندەکان دەڵێن داعش نائومێدبووە لە هەڵایسانی شەڕی شیعە بە شیعە و جێگۆڕکێ بە هێزەکانی دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەو هێزانەی داعش لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گواستبوویەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و نزیک شاری بەغدای پایتەختی عێراق، جارێکی تر بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین دەیانگەڕێنێتەوە. بەرپرسانی پێشمەرگەش، هۆکارەکەی بۆ نائومێدبوونی ئەو ڕێکخراوە، لە هەڵایسانی شەڕی شیعە بە شیعە دەگێڕنەوە. جوڵەی داعش لە ناوچەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین هێندە زیادیکردووە، تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، فڕۆکە عێراقییەکان دوو جار بۆردومانیانکردوون، جارێک لە ناوچەی بیر ئەحمەدی پارێزگای سەڵاحەدین و جارەکەی تریش لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک. گەڕانەوەی چەکدارانی داعش بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، پێشمەرگە و سوپای عێراقی خستووەتە جوڵە و چاودێری جم و جۆڵەکانیان دەکەن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەنگەر و خاڵە سەربازییەکانیان، لە هێرشی لە ناکاوی چەکدارانی سەربەو ڕێکخراوە. لیوا محەمەد رۆستەم، جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتە- حەمرین ی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"داعش پێشبینی پێکنەهێنانی حکومەت و هەڵایسانی شەڕی نێوخۆیی شیعەی دەکرد، بۆیە سەرجەم هێزەکانی گواستبوویەوە بۆ نزیک بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق." گوتیشی"حکومەت پێکهێنرا و شەڕی ناوخۆیی شیعەش دروست نەبوو، داعش نائومێدبوو، بۆیە هێزەکانی گێڕاوەتەوە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەستیان بە جوڵە کردووەتەوە." ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، 4 سەربازی سوپای عێراق، لە نێو سەنگەرێکدا لە نزیک ناوچەی چیمەنی نێوان کەرکوک- سلێمانی، سەربڕدران، ئەمەش هێزە عێراقییەکانی توشی ڕاچڵەکین کرد، بەو پێیەی سەنگەرەکە دوور بووە لە پێگەکانی داعشەوە و نزیکیشبووە لە خاڵە سەربازیەکانی پێشمەرگە و سوپاوە. لە کاتێکدا سوپای عێراق گومانی هەبوو، لەوەی هێرشەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرابێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا، بەڵام ڕۆژی پێنجشەمە، داعش وێنەی هێرشەکە و دیمەنی سەربازە کوژراوەکانی بڵاوکردەوە، ئەمەش گومانەکانی ڕەواندەوە. محەمەد سامان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی زنانەی نزیک قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای وت"داعش بە ئاشکرا لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، جوڵەیان هەیە، ڕەنگە بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن بۆ پەلاماردانی هێزە جیاوازەکان." بە پێی وتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە، کە زانیارییان دایە دەنگی ئەمەریکا، داعش خولێکی سەربازی 40 ڕۆژی لە ناوچەی حەمرین بۆ چەکدارەکانی کردووەتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئامادەکاری ئەو ڕێکخراوە بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی دەگێڕنەوە. ناوچەی حەمرین، ناوچەیەکی دەشتایی و شاخاوی بەرفراوانە، پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین پێکەوە گرێ دەدات. لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، ئەو ناوچەیە، پێگەی گروپە چەکدارەکان بووە و عێراق نەیتوانیووە ناوچەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات. لیوا محەمەد ڕۆستەم، وتی"دوای گێڕانەوەی هێزەکانیان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، داعش چەندین هێرشی کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان، چاوەڕوانی هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەش دەکرێ ." بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین، لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە دروستبوون، لەلایەن داعشەوە قۆستراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش، بەڵام لە ئێستادا، عێراق و هەرێم سەرقاڵی پێکهێنانی هێزی هاوبەشن بۆ پڕکردنەوەیان.