ئۆکرانیا: کارەبا گەڕێندراوەتەوە بۆ شاری خێرسۆن

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکایەتی ئۆکرانیا دەڵێت کارەبای شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا گەڕێندراوەتەوە، ئەوەش دوای ئازادکردنی شارەکە لە دەستی داگیرکاری ڕووسیا. جێگری بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کیریلۆ تیمۆشینکۆ گوتی " سەرەتا کارەبامان گەڕاندەوە بۆ ژێرخانە هەستیارەکانی شارەکە و دواتر دەستبەجێ بۆ ماڵەکان." کاتێک لە 11 ی مانگی 11 دا هێزەکانی ئۆکرانیا شاری خێرسۆنییان گرتەوە، شارەکە کارەبا و گەرمی و ئاوی نەبوو. هێزەکانی ڕووسیا بە ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیان لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا کۆنتڕۆڵی شاری خێرسۆنیان کرد، تەنها پایتەختی هەرێمێکی ئۆکرانیا بوو کە ڕووسیا توانیبوونی کۆنتڕۆڵی بکات. کشانەوەکەی ڕووسیا لە خێرسۆن شکستێکی گەورە بوو بۆ مۆسکۆ، بەڵام بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا لەوبەری ڕووباری دنیپرۆوە هێشتا بۆردومانی شارەکە دەکەن. بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی ناوخۆی خێرسۆن ڕۆژی هەینی گوتی لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا 15 کەس کوژراون و 35 کەسی دیکە بریندار بوون. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز