نەتەوە یەکگرتووەکان: مامەڵەکردنی تاڵیبان لەگەڵ ئافرەتاندا ڕەنگە بگاتە ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن مامەڵەکردنی تاڵیبان لەگەڵ ئافرەتان و کچانی ئەفغانستاندا، بە دەرکردنیان لە پارک و هۆڵەکانی لەشجوانی و قوتابخانە و زانکۆکانیشەوە، ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی. لە هەڵسەنگاندنەکەی ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان ڕیچارد بێنێت و نۆ شارەزای دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت بەپێی یاسای ڕۆما کە ئەفغانستانیش لایەنێکە تیایدا، مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتان و کچان ڕەنگە بگەنە ئاستی " چەوساندنەوەی ڕەگەزی " لە ئەفغانستاندا. وەکو وەڵامێک بۆ هەڵسەنگاندنەکە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان عەبدولقەهار باڵخی گوتی " ئەو سزایانەی کە لە ئێستادا بە کۆمەڵ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ناوی یەکسانی و مافەکانی مرۆڤەوە سەپێندراون بەسەر گەلی بێتاوانی ئەفغانستاندا دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی." شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەدا دەڵێن گلدانەوەی ئافرەتان لە ماڵەکانیاندا " یەکسانە بە زیندانیکردن "، گوتیشی ئەوە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژیی ناوخۆیی و کێشەی دەروونی. هەروەها ئاماژەشیان بە ڕووداوەکەی ئەم مانگەدا کە تیایدا زەریفە یەعقوبی چالاکەوان و چوار لە هاوەڵەکانی دەستگیرکران. هەروەها وتیشیان چالاکەوانەکان هێشتا لە زینداندان. لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە. لەو کاتەدا گوتیان بەپێی یاساکانی ئیسلام ڕێز لە مافەکانی ئافرەتان دەگرن. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز