دیجیتال میدیای سپێده
کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات لە رۆژی سێشەمەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و ماڵپەڕێکی جیهانی کەشوهەواش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، چوار شەممە باران دەبارێت.
لە راگەیەندراوێکدا دەستەی کەشناسی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رۆژی یەکشەممە لە ناوچەکانی هەرێم بارانی مامناوەند دەبارێت و پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و پێشبیننی دروستبوونی تەم دەکرێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو، لە رۆژی دووشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم نیمچەهەور دەبێت و هەندێک کاتیش دەبێتە هەوری تەواو و پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو کەمێک بەرز دەبێتەوە.
کەشناسی باس لەوەش دەکات، لە رۆژی سێشەممە کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێم بە گشتی باراناوی دەبێت و لە بەشەکانی رۆژئاوای ئەو ناوچەیە بارانی بە لێزمە دەبارێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە.
باسی لەوەشکرد، لە رۆژی چوارشممە هاوشێوەی رۆژی رابردوو کەشەهەوا باراناوی دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی بە لێزمە دەبارێت پلەکانی گەرما بەرەوە دابەزین دەڕۆن.
لەلایەکی ترەوە ماڵپەڕی ئەکواویزەر کە ماڵپەڕێکی جیهانی کەشوهەوایە، پێشبینی دەکات رۆژی چوار شەممە بارانی بەخوڕ لە شارەکانی هەرێم ببارێت.