جوولەکە پەڕگیرەکان هەڵیان کوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا

دوا نوێکردنەوە: 2022-11-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جوولەکە پەڕگیرە نیشتەجێکراوەکان چوونە ناو حەوشەی مزگەوتی ئەقسا لە ناوچەی کۆنەشاری قودسی رۆژهەڵات.

ئاژانسی هەواڵیی فەڵەستین لە زاری فەرمانگەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودسەوە بڵاوی کردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ، جوولەکە پەڕگیرە نیشتەجێکراوەکان کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەپارێزرێن بە گرووپ لە دەروازەی ئەلمەغاریبەوە هەڵیان کوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا و ژمارەیەک رێوڕەسمی ئایینیان لەوێ ئەنجام داوە.

ئاماژە بەوە دراوە کە جوولەکە پەڕگیرەکان لە میانی هەڵکوتانەسەرەکەدا، هەوڵیان داوە گێچەل بەو فەڵەستینییانە بکەن کە لە حەرەمی شەریفدا بوون.

بەپێی رێککەوتننامەی ئاشتی کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ لەلایەن ئیسرائیل و ئوردنەوە واژووی لەسەر کراوە، مزگەوتی ئەقسا لەژێر سەرپەرشتی فەرمانگەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودسدایە کە سەربە وەزارەتی ئەوقاف، پیرۆزییەکان و کاروباری ئایینیی ئوردنە.

بەڵام جوولەکەکان لە ٢٠٠٣ەوە تاکوو ئێستا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە فەرمانگەی وەقفە ئیسلامییەکان بە بڕیاری تاکلایەنە و بە هاوکاری پۆلیس دەچنە ناو مزگەوتەکە. فەرمانگەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس ئەمەیش وەک هەڵکوتانە سەر لەقەڵەم دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کارە پێشێلکارییە بەرامبەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان.