دیجیتال میدیای سپێده
دادگاى فیدراڵى دەرکردنى فەرمانى تایبەت بە راگرتنى کارەکانى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستانى رەتکردەوە تا یەکلاکردنەوەی داوای نادەستوری بونی درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان.
یوسف محەمەد سادق سەرۆکى خولى پێشووى پەرلەمانی كوردستان کە سکاڵایەکى لەسەر نادەستوریبوونى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکردووە لە راگەیەنراوێکدا رایدهگهیهنێت،"پاساوی دادگا بۆ رەتکردنەوەی دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە بریتییە لەوەی کە دەرکردنی فەمانەکە سیفەتی پەلەی نییە، وا لێک ئەدرێتەوە کە بڕیاری پێشوەختە بێت سەبارەت بە داوا سەرەکییەکە کە بریتییە لە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان".
دەقى راگەیەنراوەکە:
رەتکردنەوەی فەرمانی سالاری بۆ راوەستاندنی کارەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
وەک پێشتر رامانگەیاند، لە ٧/ ١١/ ٢٠٢٢ داوایەکمان لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد لەسەر نادەستوری بونی یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢. داواکەمان بە ژمارە (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) رێڕەوی دادبینیی خۆی وەرگرتوە.
لەناو داواکەمان دا و بە داواکارییەکی ھاوپێچ داوامان کرد کە دادگا بە فەرمانێکی سالاری کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان رابگرێ تا یەکلاکردنەوەی داوای نادەستوری بونی دەرکردنی یاسای تانەلێدراو لە لایەن داگای باڵای فیدڕاڵیەوە. ئەمڕۆ دادگای ناوبراو بڕیاری خۆیان سەبارەت بە داوا ھاوپێچەکەی ئێمە بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەرکردنی فەرمانی سالاریی رەد کردەوە بۆ وەستاندنی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا دەرچونی دوا بڕیاری دادگا سەبارەت بە کۆی داواکەمان لەسەر نادەستوری بونی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمان.
پاساوی دادگا بۆ رەد کردنەوەی دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە بریتییە لەوەی کە دەرکردنی فەمانەکە سیفەتی پەلەی نییە و، وا لێک ئەدرێتەوە کە بڕیاری پێشوەختە بێت سەبارەت بە داوا سەرەکییەکە کە بریتییە لە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان .
ئێمە پێمان وابو کە دەرکردنی ئەو فەرمانە سالارییە پێویست بو، چونکە لە حاڵەتی دەرچونی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی بە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، شەرعییەتی کۆی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمان دوای ماوەی شەرعیی خۆی دەری کردون یان دەریان ئەکات ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ئەتوانرێ تانەیان لێبدرێ.
بە خوێندنەوەی بڕیارەکانی پێشوی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەتایبەت لەم دەستە تازەیەیدا و، بە پشت بەستن بە دەقەکانی دەستوری عێراق (کە ھاوڵاتیانی ھەرێمیش دەنگیان پێداوە) و پشت بەست بە بنەماکانی دیموکراسی، گەشبینین بەوەی دادگای ناوبراو دواجار بڕیار ئەدات بە نادەستوری بونی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان.