دیجیتال میدیای سپێده
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، رایگەیاند بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە زمانی نەژادپەرستی و ناولکاندن بڕیاریانداوە ناوی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون (Monkeypox) کە لە جیهان و بەتایبەتی ئەورووپا کاریگەری نیشانداوە ناوی " Mpox " لێبنێن.
لە راگەیەندراوێکی رێکخراوەکە، ئاماژە بەوە کراوە کە دوای گۆڕینەوەی بیروڕا بۆ ماوەیەک لەگەڵ پسپۆرە نێودەوڵەتییەکانی بواری تەندروستی بەمەبەستی گۆڕینی ناوی ڤایرۆسەکە، وڵاتانی ئەندام رادەسپێرن کە ناوی Mpox لە ئاوڵەی مەیموون بنێن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"کاتێک کە لەسەرەتای ساڵەوە پەتای ئاوڵەی مەیموون بڵاو بوویەوە، هەواڵی بەکارهێنانی تۆمەتی رەگەزپەرستانە و ناولکاندن لە ئینتەرنێت گەیشتە WHO".
ئەوەش راگەیەندرا کە لە ماوەی یەک ساڵ کارکردن لەسەر گۆڕینی ناو، ناوی Mpox وەکو ناوێکی هەڵبژێردراو رادەسپێردرێت و دواتر بە بەردەوامی بەکاردەهێندرێت.
ئاوڵەی مەیموون، بە یەكێک لە نەخۆشە دەگمەنەکان ناسراوە کە بەهۆی ڤایرۆسێکی نیشتەجێوە تووشدبێت و یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٠ لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دەستنیشانکرا.
دوای دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە لە مەیموون لە ساڵی ١٩٥٨، ناوی "ئاوڵەی مەیموون"ی لێنرا.