پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەپێی بانگھێشتنامەیەکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق کە ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، بڕیارە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکرێت کە بریتیین لە دوو پێشنیازەیاسا و دوو پڕۆژەیاسا، ھەروەھا خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەو دوو پێشنیازەیاسایەی کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتیین لە پێشنیازەیاسای (پاراستنی ئاژەڵان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق) و پێشنیازەیاسای (بەرکارکردنی یاسای فیدڕاڵیی واژووی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە ٧٨ی ساڵی ٢٠١٢).

ھەروەھا دوو پڕۆژەیاساکەش بریتیین لە پڕۆژەیاسای (ھەمواری پیادەکردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقاف، ژمارە ٦٤ی ساڵی ١٩٦٦ی ھەموارکراو لە ھەرێمی کوردستان-عێراق) و پڕۆژەیاسای (ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨).

ھاوکات ھەر لە دانیشتنەکەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (کار لە ھەرێمی کوردستان) دەکرێت.