دیجیتاڵ میدیای سپێده
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ بە ئاماژەدان بەوەی کە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە، رایگەیاند: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت".
یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی کۆڕبەندی "Aspen-German Marshall Fund" لە بوخارێست رایگەیاند کە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی رووسیا ئامادەکارییەکانی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ زیادیان کردووە و ژمارەی گرووپە جەنگییەکان لە چوارەوە کراون بە هەشت.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند ناتۆ و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لایەن نین لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام ناتۆ بە جۆرێک پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە و گوتی: "سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەزانێت لە جەنگەکەدا لە دۆڕاندان، بۆیە ستەمکارییەکانیان زیاتر کردوون و هێرش دەکەنە سەر شارەکان و ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکرانیا".
ناوبراو پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و ئۆکرانیای بۆ پێشتر لە جەنگ گێڕاندەوە و گوتی: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت. ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە و لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا پاشەکشە ناکات".