رێكخراوى ریتش: 98 %ى ئاواره‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

رێكخراوى ریتشى نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به‌بوارى په‌نابه‌ران، رایگه‌یاندوه‌: 98%ى خێزانه‌ ئاواره‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش به‌هۆى تێكدانى ماڵ وحاڵیان ونه‌بوونى ده‌رفه‌تى كار.

رێكخراوى ریتش ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: له‌كه‌مپه‌كانى دهۆك وهه‌ولێر وسلێمانى ونه‌ینه‌وا كه‌به‌شێكى زۆرى ئاواره‌ى عێراقى له‌خۆ گرتووه‌، نایانه‌وێ بۆ ناوچه‌ ئه‌سڵییه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: به‌هۆى نه‌بوونى سه‌قامگیرى ئه‌منى وئاوه‌دان نه‌كردوه‌ى ناوچه‌كانیان ونه‌بوونى ده‌رفه‌تى كار، په‌نابه‌ران ره‌غبه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌یان نیه‌، و 49%ى خێزانه‌ په‌نابه‌ره‌كانى تایبه‌ت به‌شارى نه‌ینه‌وا ره‌غبه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌یان نیه‌.

رونیشیكرده‌وه‌: ملیۆنێك و 173 هه‌زار و 812 په‌نابه‌ر له‌عێراق دا هه‌ن، وئاستى گه‌ڕانه‌وه‌ى په‌نابه‌ران بۆ ناوچه‌كانیان له‌كشانه‌وه‌دایه‌، له‌ئه‌یلۆلى 2020 تا ئه‌یلۆلى 2021، 39 هه‌زار و 400 په‌نابه‌ران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

عێراق 26 كه‌مپى په‌نابه‌رانى له‌خۆ گرتووه‌ و 15 كه‌مپ له‌پارێزگاى دهۆك هه‌ن كه‌ 407 خێزانى په‌نابه‌رى له‌خۆ گرتووه‌ كه‌له‌ناوچه‌كانى شنگال وبه‌عاج وموسڵه‌وه‌ هاتوون.

وله‌هه‌ولێر 6 كه‌مپى هه‌یه‌ و 547 خێزانى ئاواره‌ى له‌خۆ گرتووه‌. وله‌سلێمانیش چوار كه‌مپى له‌خۆ گرتووه‌ و 239 خێزانى ئاواره‌ى تێدایه‌.