هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عیراق جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستی هه‌ماهه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌ كرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌


كۆبونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی له‌ كۆشكی سه‌لام به‌ڕێوه‌چوو و جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی هه‌ماهه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و یه‌كخستنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی.


كۆبونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ ، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غداد به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك كۆمار دكتۆر له‌تیف جه‌مال ره‌شید و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوون.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی وڵات كرا، هه‌روه‌ها ڕێگاكانی پاڵپشتیكردنی حكومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری خۆی تاوتوێكرا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ دابینكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان مسۆگه‌ر بكات.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنی گوتاری سیاسی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها پێویستی دانانی ئه‌و قانونانه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌دا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر دراوه‌ له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا به‌ قانون بكرێن.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی سوربون له‌سه‌ر سازكردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ ساڵی داهاتوودا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدا جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌.


هاوكات باس له‌ بارودۆخی ئابووری وڵات كرا، ته‌ئكیدیشكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی دانانی قانونی بودجه‌، هه‌روه‌ها گرنگی به‌هێزكردنی ڕێكاره‌كان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و دیداره‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌دا، تاوتوێی بارودۆخی ئاواره‌كان له‌ وڵات كرا، هاوكات كۆبوونه‌وه‌جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ سه‌ر پێویستی هه‌وڵدانی زیاتر بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئازار و نه‌هامه‌تیه‌كانیان و كاركردن بۆ گه‌ ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سه‌رماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ زامنی ژیانێكی شایسته‌ و سه‌لامه‌ت و سه‌قامگیریان بۆ بكرێت.