فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بەهۆی هەڕەشەی بۆمبەوە لە چیک نیشتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر کە لە شاری کراکۆڤ-ی پۆڵەنداوە بەرەو شاری بریستۆڵ-ی بەریتانیا گەشتی دەکرد، بەهۆی "هەڕەشەی بۆمب"ەوە لە پراگ پایتەختی کۆماری چیک نیشتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئیزی جێت کە لە پۆڵەنداوە بەرەو بەریتاینا کەوتبووەڕێ، دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەی پێدراوە کە رەنگە بۆمبێکی چێندراو لەناو فڕۆکەکەدا بێت، دەستبەجێ بەرەو پراگ پایتەختی کۆماری چیک ئاراستەی گۆڕیوە.

بەرپرسانی فڕۆکەخانەی پراگ رایانگەیاندووە کە فڕۆکەکە دوێنێ کاتژمێر ٢٢:٥٠ بە کاتی ناوخۆ بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە.

هاوکات پۆلیسی چیک رایگەیاند کە تیمە پەیوەندیدارەکان فڕۆکەکەیان پشکنیووە.

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکەش رایگەیاند کە هیچ شتێکی مەترسیدار لەناو فڕۆکەکەدا نەدۆزراوەتەوە.