ئۆپیك پڵه‌س به‌ بڕی دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ به‌رهه‌مهێنانى كه‌مده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

رێكخراوی ئۆپیك پڵه‌س كه‌ وڵاتانی ئه‌ندامی رێكخراوی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپیك) و ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك له‌ خۆده‌گرێت، له‌پێناو پاراستنی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌یه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 5 ی تشرینی یه‌كه‌مدا داویه‌تی و بریتییه‌ له‌ "كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ی نه‌وت به‌ بڕی دوو ملیۆن به‌رمیل له‌ تشرینی دوومه‌وه‌".

34 هه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی نه‌وت و وزه‌ی 13 وڵاتی ئه‌ندامی ئۆپیك كه‌ سعوودیه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كات و 10 وڵاتی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك كه‌ رووسیا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، كۆتاییهات، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن ئۆپیكه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ له‌ژێر رۆشنایی گرنگی و بایه‌خی بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی 33 هه‌مینی وه‌زیرانی وڵاتانی ئه‌ندامی ئۆپیك و ئۆپیك پڵه‌س، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ بڕیاره‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ئاڕاسته‌ی بازاڕ دراوه‌و ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ هه‌نگاوی پێویست و گونجاوه‌ له‌پێناو گه‌یاندنی بازاڕه‌ جیهانییه‌كانی نه‌وت به‌ كه‌ناری سه‌قامگیریی له‌لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه‌.

وڵاتانی ئۆپیك پڵه‌س له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 5 ی تشرینی یه‌كه‌میاندا بڕیاریان دا به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ی نه‌وت به‌ بڕی دوو ملیۆن به‌رمیل له‌ مانگی تشرینی دوومه‌وه‌.