دادگاى فیدڕاڵى عێراق 18ى ئه‌م مانگه‌ له‌باره‌ى درێژكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

د.یوسف محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق رایگه‌یاند: پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 7/ 11/2022 داوایه‌كی یاساییان له‌ دادگاى فیدراڵى له‌سه‌ر نایاسایی بوونى درێكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌له‌مان تۆمار كرد و تێدا سه‌باره‌ت به‌ ناده‌ستوری بونی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ركردنی یاساى به‌رده‌وام بونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 12ی ساڵی 2022 ، دادگای باڵای فیدراڵی رۆژی 18/12/2022ى دیاری كرد بۆ دادبینیی دۆسییه‌كه‌.

د.یوسف محه‌مه‌د، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: به‌ره‌چاو كردنی چه‌ند بڕیارێكی پێشوی دادگای فیدڕاڵی و ئاماژه‌دان به‌ دژ وه‌ستانه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی گه‌ل و بنه‌ماكانی دیموكراسی و به‌ند و ماده‌كانی ده‌ستور، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كه‌ دادگاكه‌ دواجار بڕیاری ناده‌ستوری بونی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان ده‌ربكات.

د.یوسف محه‌مه‌د ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ له‌ داواكه‌یاندا داوایانكردوه‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار له‌سه‌ر ناده‌ستوری بونی یاسای ئاماژه‌پێكراو و كۆتایی هێنان به‌ ویلایه‌تی سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تی هه‌رێم بدات.

جێى ئاماژه‌یه‌ له‌ 6/11/2022 ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان كۆتایی هاتووه‌ و وه‌ك ناره‌زایه‌تى به‌رامبه‌ر به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌م تا ئێستا ته‌نیا فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستیله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.