دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە ھەڵوەستەیەکی تایبەتیان دەبێت بەرامبەر گەندەڵکارە گەورەکان، تەنھا بەدوورخستنەوەیان ناوەستن، بەڵکو لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شممەری و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمنی دیکە لە وەزارەتی ناخۆ رایگەیاندووە: "ھەڵوەستەیەکی تایبەتیمان دەبێت بەرامبەر گەندەڵکارە گەورەکان، تەنھا بەدوورخستنەوەیان ناوەستین، بەڵکو لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا دەکەین".
باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: "خۆمان بە گەندەڵکارە بچووکەکانەوە سەرقاڵ ناکەین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە وازیان لێ بھێنن، بەڵکو لە گرتنبەری رێکارە یاساییەکان لەبەرامبەریان بەردەوام دەبین".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشداوە "لێپێچینەوە لە گەندەڵکارە گەوەرەکان دەکەین، چونکە ئەوان بەرپرسن و خاوەنی بڕیارن، ھەروەھا دەسەڵاتی گەورەیان ھەیە، بەرپرسی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانن، ئەوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بە ھێندەی ئەو بەرپرسارێتیی و ئەمانەتەی کە لەسەر شانییانە".