چین سنووردارییەکانی کۆرۆنا شل دەکاتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2022-12-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەک ئاماژەیەکی نوێ بۆ شلکردنەوەی ئەو سنووردارییانەی بەرامبەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گرتوویەتیەبەر، چین رایگەیاند کە رێگە بە کەرەنتینە لە ماڵدا دەدات.

میکانیزمی هاوبەش بۆ پاراستن لە پەتاکان و کۆنترۆڵکردنیان سەربە ئەنجوومەنی دەوڵەت لە چین، رێکار و هەڵوێستی نوێی سەبارەت بە رێوشوێنەکانی دژبە پەتای کۆرۆنا راگەیاند.

بەپێی ئەو رێکاریانە، ئەو کەسانەی نیشانەی پەتاکەیان تیادا دەرنەکەوتووە یان نیشانەی سووکیان هەیە و ئەوانەشی لەگەڵیان بەرکەوتنیان هەبووە، دەتوانن لە ماڵدا کەرەنتینە بکرێن.

هەر بەپێی پەیڕەوە نوێکە، ئەوانەی حاڵەتی پۆزەتیڤیان هەیە حەوت رۆژ، ئەوانەی بەرکەوتنی نزیکیان لەگەڵیاندا هەیە پێنج رۆژ لە ماڵەکانیاندا کەرەنتینە دەکرێن.

ئەو رێوشوێنانە کە ماوەی یەک هەفتەیە لە پەکین-ی پایتەخت و شارە گەورەکانی وەک گوانگ کۆی پەیڕەودەکرێت، ئاماژە بە گۆڕانکاری گرنگ دەکەن لە رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی پەتاکدا لە چین.

لەلایەکی دیکەوە، هەڵگرتن و نیشاندانی کۆدی تەندروستیی و ئەنجامی تێست کە بووە دیاردەیەکی ژیانی رۆژانەی خەڵک، هەڵدەگیرێت و نامێنێت.

لە کاتێکدا هەڵگرتن و نیشاندانی کۆدی تەندروستیی و ئەنجامی تێست لە گەشتکردن و شوێنە گشتییەکاندا هەڵدەگیرێت و نامێنێت، بەڵام لە کاتی سەردانی نەخۆشخانە، قوتابخانە و خانەی بەساڵاچووان دەکرێت بەکاردەهێندرێت.

لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە تا ئێستا لە چین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن، ژمارەی توشبووانی پەتاکە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

بەپێی داتاکانی لیژنەی تەندروستی نیشتمانیی چین لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار هەزار و ٤٠٩ حاڵەت کە نیشانەی پەتاکەیان تیادا دەرکەوتووە لەگەڵ ٢٠ هەزار و ٩١٢ حاڵەتی دیکە کە نیشانەکانیان تیادا دەرنەکەوتووە تۆمارکراوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە پەتاکە تۆمار نەکراوە.