فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ژاپۆن، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ داوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م له‌ فلیپین نیشتنه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

هێزه‌كانی به‌رگریی ئاسمانیی ژاپۆن له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی فلیپین زیاد ده‌كات، له‌و نێوه‌نده‌شدا دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-15ی ژاپۆن له‌ بنكه‌ی ئاسمانی كلارك باكووری رۆژئاوای مانیلای پایته‌ختی فلیپین، نیشتوونه‌ته‌وه‌.

فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانى ژاپۆن، ئاریساوا شۆتارۆ ده‌رباره‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ كه‌ ئامانجی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازیی نێوان هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌ردوو وڵات بووه‌، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ بواری سه‌ربازیی نێوان هه‌ردوو وڵاتدا.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا فه‌رمانده‌ له‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی فلیپین، لیۆ فۆنتانیلا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ژاپۆن به‌ هه‌ماهه‌نگی كار ده‌كه‌ن و رایگه‌یاند: "بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی كارا، دۆستایه‌تی و هاوبه‌شی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانمان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ین".

به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵیی كیۆدۆ له‌ میانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا، ئیمپڕاتۆریه‌تی ژاپۆن، زیاتر له‌ سێ ساڵ خاكی فلیپینی داگیر كردووه‌، له‌و كاته‌شدا هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ژاپۆن، بنكه‌ی ئاسمانیی كلارك-یان دژبه‌ په‌لاماره‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌كارهێناوه‌.