هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک وڵاتی جیھان ھاوکاریی تەندروستی پێشکەشی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، ھەر ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ عێراق بێت، پشکی ھەرێمی کوردستانی تێدایە.
دکتۆر محەمەد خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک وڵاتی جیھان بەڵێنی پێشکەشکردنی ھاوکارییان بە ھەرێمی کوردستان داوە، ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا لە داھاتوودا ھاوکاریی پزیشکی لە زۆر وڵاتی جیھانەوە بگەیەندرێتە ھەرێمی کوردستان."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "تا ئێستا وڵاتی چین دوو جار بە بڕی جیاواز ھاوکاریی تەندروستیی گەیاندووەتە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کیتی پشکنین بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن چینەوە بە ھەرێمی کوردستان دراوە و سوودیشی ھەبووە بۆ پشکنینەکان."
دکتۆر محەمەد خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی فیدراڵیش بەڵێنی پێ داوین ھەر ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ عێراق دابین بکرێت، ئەوە پشکی ھەرێمی کوردستانی تێدایە و لە ھەموو ھاوکارییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ عێراق بەشی ئێمەیش دەدرێت."
قائید میرۆ